✓ ویساڵی

ئەی نەسیمی سوبحدەم بیستوومە یار هاتۆتە شار
قاسدی چاتر لە تۆ دەست ناکەوێ خدمەتگوزار

هەیچ مەوەستە تا دەگەیتە بەردەمی مەنزڵگەهی
ئیشتیاق و ئارەزووی زۆرم بکە تەبلیغ بە یار

پێی بڵێ زۆر زۆر سەلام و ئەدعیە خێرم هەیە
خاتری بۆ ڕۆژی ڕووت بەینێکە زارە و بێقەرار

قامەتی سەروت نومایان گەر نەکەیت قومریسیفەت
ڕۆحی شیرینم لەلا زۆر تاڵ ئەبێ وەک زەهری مار

هەر وەکوو پەروانە بۆ شەمعی ڕوخت سووتاوە دڵ
مەر ویساڵی تۆ بکا سارێژی برینی زامدار

دائیمەن مەجنوونسیفەت، سەحرانەوەردی چاوی تۆم
بێ نیگاهی دیدەیی لەیلا، حەیات لێم بووەتە بار

بولبولئاسا دائیمەن ئەفغان و ناڵە و گریەمە
وا بزانم بۆ گوڵی ڕوخساری تۆیە ئینتیزار

ڕۆژی عوزرات گەر لەژێر هەوری فیراقا دەرنەخەیت
وامیقئاسا ڕۆح لە دەستم دەردەچی وەک ئاوی پار

زۆر دەمێکە چاوەڕوانی قاسدی پشدەر ئەکەم
تا عەیان بێ سیححەتت بۆ تەسلییەی قەلبی نەزار

ناگەھ ئەمڕۆ کاغەزێکم هاتە دەست و خوێندمەوە
چونکە موشەععەر بوو بە لوتفی تۆ فەرەح باری بەبار

...

Kurdish_Poetry