✓ وەلی دێوانە

کاتی مەرگمە، کاتی مەرگمە
وادەم بەسەر چوو، کاتی مەرگمە

بەو ئێشە سەختەی لەناو جەرگمە
خاک و گڵ و گۆڕ، جلوبەرگمە

لە گیانکێشانا هەر چاوەڕوانم
کە تەشریف بێنێ کاتی نەمانم

کاتێ کە گیانکێش دێ بۆ ڕەوانم
مۆڵەتم نادا، دەستێنێ گیانم

شەمی ڕومەتشەم بێتە سەرینم
ئەو کاتە دەرچێ ڕۆحی شیرینم

بڕژێتە سەرم فرمێسکی چاوی
کفنەکەم بدروێ بە زوڵفی خاوی

بڵێم بە شەمی شاهی چاومەستان
لەگەڵ تەرممدا بێتە گۆڕستان

بە دەستی ناسکشۆخی دوڵبەرم
بەردی ئەلحەدم بنێ سەر سەرم

کە بەردت دانا خاکی مەزارم
بکە بەسەرما، شۆخی نازدارم

گیانەکەم هات و ئەوەت بۆ کردم
بەوێنەی دڵدار تۆ بەڕێت کردم

شەرتە هەتاکوو ڕۆژەکەی ئەلەست
من دۆعاگۆی تۆم شۆخی دیدەمەست

Kurdish_Poetry