✓ ویساڵی

ئینسانێ وەکوو من کە فەلەک تەفرەیی دابێ
بەم حاڵە هەموو دەم لە وەتەن دوور و جودا بێ
پابەندی ڕەهی غوربەت و دووچاری بەڵا بێ
بێچارە دڵی تا لە غەم و غوسسە ڕەها بێ
وا چاکە بە شەو دولبەری غەمخواری لەلا بێ

غەمخواری وەفاپەروەری خۆشنەقشونیگارێ
یەک سیمە بەری تاجی سەری میهری دیارێ
باڵامیان، عەرعەریقەد، سەروی چنارێ
دڵداری جەبینئەنوەرێ، هەم لالەعوزارێ
هەر تایە لە زوڵفی بەمەسەل ماری سیا بێ

بینایی بەسەر ڕاحەتی دڵ قووەتی تەن بێ
ئەرکانی حەیات و سەبەبی نەزمی بەدەن بێ
شمشادەقەدێ، مووکەمەرێ، لالەسەمەن بێ
نەشکوفتەگوڵێ، غونچەدەمێ، پستەدەهەن بێ
پێویستە کە غەمخوارە و یاری بەوەفا بێ

نەوڕەستەگوڵێ بێ کە بەبێ خار و دڕک بێ
یارێ بێ تەڕوتازە و گوڵبەرگی لەچک بێ
بینتێکی بەدەننازک و هەم نەرموشلک بێ
وەک ناری خڕی گوڵ بەدەمی تازە مەمک بێ
دوندانی وەکوو گەوهەر و دۆر، بەبەها بێ

هەرچەندە کە هەر دێتەوە سەر چاردەساڵی
گەر بێت و هەماغۆشی کەسێ بێ بەحەڵاڵی
خاریج بێ لە تەقریری زوبەن حەددی کەماڵی
بێروون بێ لە تەحریری قەڵەم حوسن و جەماڵی
ئەربابی سەفا، مەعدەنی حەق، کانی حەیا بێ

نەقشین و سیەهپەرچەم و ئەگریجەموعەتتەر
ئەبرۆیی هیلالی وەکوو میحرابێ بەرابەر
موژگانی وەکوو نێزە و چاوی وەکوو ئەختەر
ڕوخساری بکا حوجرەیی تاریک، مونەووەر
خورشیدسیفەت و ساحێبی ئەنوار و زیا بێ

موشکین و موعەنبەرمووێ، ڕوومەتگوڵەباغێ
چاومەست و کەمانئەبرۆیێ ڕووشێوەچراغێ
ڕۆژ بێتە گوڵی مەجلیس، شەو شەمع و وەتاغێ
خاڵێکی لە گۆنا بێ، وەکوو زاغێ لە باغێ
ئەو خالە خەیاڵی خیرەدی حوکەما بێ

شەوگاری وەها یەعنی دەمی پاییز و زستان
زۆر خۆشە لەگەڵ هاودەم و هەمسوحبەتی مەستان
واسیل بێ بە باغاتی گوڵی سینە و بوستان
نارنجی شەمامەی بەغەڵی بگری لە دەستان
پرچنگ وەکوو بەی، سەری پەنجە سوا بێ

جانانی سنەوبەر بەری قەد میسلی منارێ
تەرلانیبەدەن شوش و جوڵانی گوڵنارێ
فەتتانی نەباتێ لە دوو لێوانی ببارێ
بستێنە بەدەم بۆسە و شیرین مەزارێ
یاقووتی ڕەوان بەمەسەل ئاوی بەقا بێ

ئەندامی کە سەر تا بە قەدەم زێوەر و خشڵن
وەک سینە بە سنجاخەوە وەک دەستی بە بازن
گەھ ماچی دەمادەم بکە گەھ دەست لە گەردن
لاولاوسیفەت، دەمبەدەم و تێکەڵی یەک بن
یەک بۆسە لە خەددی سەمەنی ئەرز و سەما بێ

ڕووبەندی لە ڕوو لابدە با دەرکەوێ خاڵی
هەمسەر بە لەگەڵ دەسرەیی ڕەش، چەفتەیی ئاڵی
یەک تەن بە لەگەڵ سینە و پشت و بز و باڵی
یەکسەر کە کراسی بەر و یەکبەر کە شەواڵی
واسڵ بە گەنجێ کە تەلیسمی نەشکابێ

گەنجێکی وەها بێ بەمەسەل خەزنەیی سوڵتان
مومکین نەبێ دیداری لەبۆ دیدەیی ئینسان
مەحفووز بێ لە فیکری بەد و مەحرووس بێ لە تاڵان
نەیدیبێ چ ئەعزایێ بەجوز پەنجەیی دەستان
سیڕێ بێ کە مانەندی سوها بێ، نەسووابێ

قوببێکی مودەووەر بەمەسەل بەیزەیی بەیزا
دورجێکی موجەووەر بێ وەکوو دورجی شەهنشا
مەخفی بێ لە عالەم لە سەرا تا بە سورەییا
گوڵگون میان لە نەزەر لالەیی حەمرا
دوڕڕێکی درەخشەندە وەکوو نەجمی سەما بێ

بەرجەستە بێ ئەو قوببە وەکوو قوببەیی قەندیل
مەمدووح بێ لەنێو عالەم و لایەق بێ بە تەبجیل
نەیدیبێ بەنی ئادەم و نەیکردبێ تەحسیل
ئەم عالەمە تالیب بێ لەبۆ وەسلی بەتەعجیل
دوککانی توحەف بە حرووف عەینی بەقا بێ

نوکتێکی دەقیق بێ کە شرووحی نەکرابێ
بەحسی ئەوێ بۆ خەلقی هەم و عەینی خەتا بێ
وەک عونچەیی نەشکوفتە حیجابی نەدڕابێ
وەک دۆڕ و سەدەف ساحێبی ئیعزاز و بەها بێ
ئایینەسیفەت جیلوەدەھ و عەکسنوما بێ

وەک خەیمەیی سوڵتانی دەبێ ڕوو لە حەوا بێ
ڕەنگین بێ بە بەرزی لە نەزەر، مسیلی سەما بێ
وەک کارگی کوێستانی سپی بێ بەسەفا بێ
هێند تورت و لەتیف بێ، سەری نەختێ قڵیشابێ
پۆشیدە وەکوو سۆفی لەنێو خەڵوە خزابێ

یا کومەڵەزیوێ لە سەخا دوور و بەعید بێ
وەک لەعلی بەدەخشانی عەجەب سفت و سەعید بێ
گوڵبەر بێ وەکوو ناری خڕ و تازەڕەسید بێ
وەک بەرگی گوڵان، وەقتی نیهان قەترەچەکید بێ
دڵ تەنگ بێ بە ڕوشدی وەکوو تەبعی مەلا بێ

شەیئێکی تیا بێ بەمەسەل چووزەرەڕێواس
درزێکی پەیا کردبێ بەو دوڕڕە چو ئەڵماس
مەحجووب بێ لە بەدکار "من الجنة و الناس"
تەوسیفی دەمی تەنگی سەری خەڵکێ بکا کاس
قورسێکی موزەههەب بێ وەکوو دورجی تەڵا بێ

گەنجینەیی ئەو گەنجە بلوورینە سوورین بێ
وەستابێ لەسەر ساقی وەکوو دوڕڕی سەمین بێ
زانوویی وەکوو قوببەیی ڕەنگین حەسین بێ
ساقی وەکوو ئەستوونەیی زەڕڕین مەتین بێ
کەعبی وەکوو یاقووت و لەبۆ قووەت دەوا بێ

ئەقدامی عەسەل بێت و موسەففا بەکەماڵی
وەک شیری سپی بێت و وەکوو مەی بێ بەئاڵی
یارێکی عەقەبنازک و مەتبووعی «ویساڵی»
خڕ بێت و مودەوە بێ وەکوو سێو بێ بەکاڵی
بۆ دەردی «ویساڵی» بەری پێی ئاوی شیفا بێ

Kurdish_Poetry