✓ سابیری

بۆ خودا دەرخە سەعاتێ نەوگوڵی ڕوخسارەکەت
با بە کامی دڵ ببینی بولبولی گوڵزارەکەت

باوەڕت بێ وا لە چاوم سەیلی خوێنین جارییە
ئاموشۆ ناکا لەمەولا قافڵەی سالارەکەت

گەر دەپرسی حاڵی دەردی عاشقی ڕوخسارەکەت
حاڵەتی بولبول تەماشا کە لەنێو گوڵزارەکەت

سوبحی دەم بادی سەبا موژدەی ویسالی دا بە دڵ
جانی شیرینم نیساری پەیکی خۆشڕەفتارەکەت

فاریغولبالم لە غەمزەی چاوی خوێنڕێژی ئەجەل
چونکە ئەو نابێ موقابیل غەمزەکەی خوونخارەکەت

موددەتێکە «سابیر» وەعدی بە هاتن داوە یار
خۆ نەهات ئەو بێوەفای غەدارەکەی عەییارەکەت

سەد نەهاتی هات و سەد هەیهات، هاتی تۆ نەهات
ئاخ لە جەور و زوڵمی یار و تالیعی غەدارەکەت

موددەتێکە «سابیری» یارت وتی دێم و نەهات
بە ئەقلم پێی خۆش نییە شەو شیوەن و هاوارەکەت

Kurdish_Poetry