✓ مەزڵووم

مەعشووقی منە غەزال دولبەرم
مەحبووبی خۆمە شێوەی سەروەرم

چاوم چاوەڕێی فەرمانی عەینە
دڵ پەشێواوی خەمی زوڵفەینە

باخی ئیرەمم خەت و خاڵی لەیل
کانی گەوهەرم کەلامی بەمەیل

هەتا مەیلت بوو عەشقت لە سەرما
بەبێ مەیلی تۆ دڵ شەوقی نەما

پیشەی فەرهادە و مەجنوونە کارم
وێڵ و ئاوارەی کەژ و کۆسارم

کتێبە کەشکۆڵ، قەڵەمە عەسام
دەروێشی ئەکەم تا "يوم القيام"

«مەزڵووم»ـی بێکەس بێبەهرەوئیقبال
پشتیوانت بێ یەکتای "ذوالجلال"

Kurdish_Poetry