٣٣٤٤
✓ مەولەوی
- دووریی دۆست و وێنەی شیعری
- ئای لەم وێنە جوانەی کە مەولەوی پیشانی دڵەکانی ئەدات
زۆر جار مرۆڤ تووشی خەم و خەفەت دەبێت بەڵام نازانێ هۆکاری چییە چ جای ئەوەی کە وێنەی بکێشێت و بیخاتە بەر دیدەی دۆست و دڵبەران. مەولەوی دەفەرمێت:
کزەی چزەی زام گرپەی گڕەی دڵ
داخی دووری دۆس دوور کەفتە مەنزڵ
واتە: کزە و چزەی برینەکانم کە لە جەستەمدان هەمووی بەهۆی گڕی دڵمەوە دروست بوون، شقارتەی ئەو گڕەش کە نراوە بە دڵمەوە لەتاو داخی دووریی دۆستمە کە ماڵ و مەنزڵی گواستووەتەوە و دوور کەوتووەتەوە.
ئازیزان ئەگەر سەرنج بدەن هەمیشە ئاگر لەژێر گۆشتدا دادەنرێت. گۆشت پارچەپارچە دەکرێت ئینجا ئەخرێتە سەر مەقەڵی. مەولەوی لەم بەیتەدا دڵی خۆی ئەشوبهێنیت بە پشکۆی ئاگرەکە و برینەکانی جەستەشی بە گۆشتەکە و ئەوەش کە مەقەڵییەکە دادەگرسێنێت و دوای داگرساندنی بۆ ماوەیەک دوور دەکەوێتەوە، بۆیە ئەوەش کە گڕەکەی ناوە بە دڵییەوە دووریی دۆستەکەیەتی.
+ بڵاو کرایەوە لە 2019/2/27 ـدا کاتژمێر 22:55 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|