✓ مارف ئاغایی

باران
ئەی ئەزموونی لەدایکبوونێکی ئاسمانی و
مەرگێکی دەریایی
بۆ زەوی وادەی چی پێ دابووی
کە هەوری دڵدارت بەجێ هێشت

باران ئەی کۆچکردووی
وڵاتی ئەستێرە و هەور و با
کێ هەیە بۆ ئەو لاوکە ئاسمانییەت
گوێ هەڵخا

باران تۆ خاچێکی سەرگەردان
سەرێکت لە ناخی سووڕانی زەویدا و
سەرێکت لەنێوان گەڕانی هەوردا

باران
ئەی ڕێبواری ڕۆژانی بێ خۆر و
شەوانی بێ مانگ و ئەستێرە

باران
ئەی پاکترین هاوڕەگەز بۆ گریان
منم من
بۆ مەرگی تۆ گریام
ئەی مرۆڤترینی دڵداران

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry