٢٨٤٧
✓ شێخ ڕەزا تاڵەبانی
ڕۆژێ نەبوو ئەم دلبەرە بێڕەحمە وەفا کا
جارێ نەبوو ئەم کافرە شەرمێ لە خودا کا
حەیرانن ئەتیبا لە عیلاجی مەرەزی من
لوقمانی ویساڵت مەگەر ئەم دەردە دەوا کا
کارێ کە غەم و دەردی فیراقت بە منی کرد
سەرما بە ھەتیو با بە دەواری شڕی ناکا
دێوانەیە شەخسێ کە بەغەیری لەبی لەعلی
وەک شاھی سکەندەر تەڵەبی ئاوی بەقا کا
تاب و تەبی ئاتەشکەدەیی ھیجری وەکوو شێت
نەزدیکە منیش واریدی سەحرایی فەنا کا
لەم ڕێگەیە تەقدیری ئەزەل وا بوو کە ئێمە
پاماڵی جەفا بین و ڕەقیب سەیر و سەفا کا
ڕۆح و دڵ و دین ھەر سێ ئەکەم بەزل و نیساری
کامی دڵی من ئەگەر لە لەبی لەعلی ڕەوا کا
سەر دانێ لە ڕێی عەشق «ڕەزا» لازمە عاشق
بۆ یار سەر و ماڵی سوپەری تیری قەزا کا
+ بڵاو کرایەوە لە 2017/12/14 ـدا کاتژمێر 11:39 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|