✓ شێخ ڕەزا تاڵەبانی

خامە بۆ تەسویری ئەبرۆت پەیڕەوی مانی دەکا
شانە بۆ زنجیری زوڵفت عەنبەرەفشانی دەکا

قووتی ڕۆحە لێوەکەت یاقووت وەها ئاودار نییە
مەنعی بازاڕی عەقیق و لەعلی ڕوممانی دەکا

خاڵی سەر لێوت نگین و خاتەمی نادر زهوور
موهری دەستی ئاسەفە حوکمی سولەیمانی دەکا

دڵ لە نەشئەی عەکسی مەستی چاوەکەت [لايعقل]ـە
بۆ کەبابی جەرگی من لێوت نمەکدانی دەکا

بەرگی سەرتاپام پەڵاس بێ گەر بەشەرتێ تۆم ببێ
تاری ئەو بەرگە لەلام سەد شاڵی کرمانی دەکا

سەدهەزار جار دەخیلم حەرفی بەدکار مەشنەوە
هەرچی دەربارەم بڵێ بێ پیرە شەیتانی دەکا

گەر لە پەردەی نازەوە ئاوازی تۆ بگرێتە گوێ
بولبولی شیرینزوبان مەیلی غەزەلخوانی دەکا

کەس نییە ئەو شۆخە حاڵی کا لە سۆزی ئاتەشم
وا «ڕەزا» دیسان لە عیشقی هەر غەزەلخوانی دەکا

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry