✓ خالید ڕەشیدپوور

هەر چی دەکەی بکە مەکە تەرکی دڵی هەژاری من 
هەر کوێ دەڕۆی بڕۆ مەڕۆ بۆ لای دژ و نەیاری من

هەر چی دەخۆی بخۆ مەخۆ خەمی ڕەشایی چاری من 
هەر چی دەدەی بدە مەدە تانە لە ڕۆژگاری من

هەر چی دەگری بگرە مەگرە ڕیگە لە گریە و زاری من 
هەر چی دەبڕی ببڕە مەبڕە پێ لە ژوان و هەواری من

هەر چی دەدڕی بدڕە مەدڕە پەردەی دڵی خوێنباری من 
هەر چی دەبەی ببە مەبە لە دڵ سەبر و قەراری من

هەر چی دەبی ببە مەبە بە پاییز ئەی بەهاری من 
هەر چی دەڵێی بڵێ مەڵێ کارت چ بوو بە کاری من

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry