١٧٨١
✓ گۆران
کڵاولار گورجی کەوڕەفتار نەزەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر
لە تیری ئاهی ناکامیم حەزەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر
بەدووتا ئەشکی حەسرەت خوێن ئەبارێنێ بەسەر دەشتا
تەماشای لالەزاری ڕاگوزەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر
لەلای خەڵکی گەدایە گەردی ژێر پێی موڵکی دڵداری
بە سایەت وەک هوما تاجم لەسەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر
بە لەرزە و زەلزەلەی ئەو پڵپڵانەی دەوری پووشینت
بینای هەستیم هەموو زێر و زەبەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر
ئەوا واعیز ئەڵێ لادە لە قیبلەی عەشق و جوانی ڕوو
سەماعی وەعزی سەرتاپا زەرەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر
فریشتەی یا پەری یا حۆری ئەی شۆخی مەلەکشێوە
بە عیشوە و خوو لە هاوجنسی بەشەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر
بە تای دوڕڕی غەزەل ئەچنم لە حەسرەت ڕشتەی گێسووت
مەتای عومری درێژکردووم لەبەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر
ئەڕۆی ئۆغر ئەڕۆی ئۆغر نەزەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر
حەیام عەقڵم دڵم دینم هەدەر ناکەی ئەڕۆی ئۆغر
+ بڵاو کرایەوە لە 2016/4/1 ـدا کاتژمێر 22:54 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس