دەمێکە یار کە ناپرسێ لە حاڵی عاشقی زاری
لەبیر چۆتەوە چەن وەختە وا عەبدی وەفاداری

لەلام وابوو کە یارێکی وەفادار و وەفاجۆیە
بەسەهوا چووم و نەمزانی وەهایە ڕەسم و ئەتواری

ئەگەر چی بێوەفا و مەیلە بەڵام ڕۆح و دڵم سەد جار
بەقوربانی نیگاهی دیدە و لێوی شەکەرباری

ئیتر بۆ چیمە من ئیمان و دین و مەزهەب و ئایین
ئەگەر دەستم کەون حەلقەی چلچیای زوڵفی زونناری

لەلام بێ قەدەرە من بۆنی وەنەوشە و یاسەمین ئەمرۆ
کە دێتە بەر خەیالم پەرچەمی وەک موشکی تاتاری

نیشانەی خوێنی ئاڵی عاشقی کوژراوی ئەو یارەن
سەرپەنجەی حەنایی و لیباسی سووری گوڵناری

وتی [ئەحمەد] لە عەشقا ئێستە وا مەشهوورە ئوستادی
تەماشا کە چلۆن بردم دڵی زارت بە عەییاری


ئەحمەد موختار جاف