✓ شاکەلی (1905 - 1980)

گوڵاڵەی ژینی من ئازیز بەبێ تۆ تازە نابێتۆ
ئەگەر چی ڕۆژی نەورۆزە گوڵی گوڵشەن ئەپشکێتۆ

خەیاڵی حوسنی دیدارت لە سەحنی سینە گوڵزارە
چە خۆشە مەنزەرەی کاتێ بە ئاوی چاو ئەشۆرێتۆ

بەهار و گوڵشەنی ئێمە لە ساڵێکا دوو نەورۆزە
سەروسامانی حوسنی تۆ گوڵستانێکە ناچێتۆ

هەموو دنیا و ئەسبابی لە بەرچاوم بە پوولێکە
پەلوپۆ و بەرگی ژینی من بە یادی تۆ ئەجووڵێتۆ

هەموو دەم یادی ڕوخسارت لە دڵما دەرسی دینیمە
مورادم کاتی مردنمە لە لاما با بمێنێتۆ

لە گوڵزاری چەمەن چ بکا ئەوی مەحروومی دیدارە
بەبێ دولبەر لە گوڵزارا بەخۆڕایی ئەسووڕێتۆ

وەکوو تۆ مورشیدی ئەعزەم تەریقەی وەرعی شەرعی بێ
لە کاتی مردن و شەرعا موریدی خۆی ئەدۆزێتۆ

سەراسەر هەر وەکوو چاوم قەدەمگاهی موبارەکتە
لەبەر زوواری پابۆست لە دڵما جێگە نابێتۆ

بەهاری «شاکەلی» بێ تۆ گەڵاڕێزانی پاییزە
بەڵێ نەورۆزە ئەو ڕۆژە کە تۆی تیایا ببینێتۆ

بە بەفری غەفڵەتی سەرما دەروونم یەغبەنانێکە
بە تەئسیری گزنگی ڕۆژی حوسنت مەر بتاوێتۆ

نەشاتی چی کە من ئازام هەموو بێزاری ئازارە
بەبێ تۆ دڵ لە گوڵدەشتا هەناسەی دووکەڵە بێ تۆ

Kurdish_Poetry