٤٦٧٢
✓ حەمدی (1876 - 1936)
تاجداری گوڵشەنی حوزنە گوڵی خەندانی من
شۆری بولبول کەی دەگاتە زەمزەمی گریانی من
گەر لە یار جیا نەبمەوە ڕۆحم بکێشن نامرم
چونکە هەر ڕۆحی ڕەوانە دلبەری جانانی من
هەر وەکوو ساقی فەلەک ئەم دەور و چەرخەی بۆ منە
تا لە خوێنی دڵ پڕی کا دیدەیی فنجانی من
داخلی فەهرەستی تۆماری فەلاتوونی نەبوو
هەر نەسیبی دوژمنم بێ دەردی بێدەرمانی من
گەر بە چاوی من دەبینی یەک سبەینێ ڕوویی یار
جا دەزانی حیکمەتی خۆکوشتن و گریانی من
جەننەت و دۆزەخ لە کولبەی عاشقاندایە وەسڵ
ڕەوزەیی ڕیزوانە دۆزەخ ئاگری هیجرانی من
چەندە خۆشە «حەمدی» جارێ بێتە ئەم وێرانەیە
جا دەبێتە قەسری جەننەت کولبەیی ئەحزانی من
+ بڵاو کرایەوە لە 2025/7/11 ـدا کاتژمێر 15:39 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|