✓ حەمدی (1876 - 1936)

لە من با دڵ وەکوو دنیا هەتا مەحشەر تەوەللا بێ
وەکوو مەجنوون دڵ و دنیا فیدایی چاوی لەیلا بێ

وەرە مەستانە بۆ گوڵشەن بە مەخمووری نیگاهێکە
بە کوێری چاوی نێرگس جا لەمەولا مەست و شەهلا بێ

بەیادی قامەتت دایم خەریکی ئەم خەیابانەم
لە جەولاندا ئەڵێم بەڵکە یەکێ هەمڕەنگی باڵا بێ

دەمی تۆ و غونچەیە ئەسبابی دڵتەنگی من و بولبول
کە یاری فەیزبەخشە هەر وەکوو گوڵ ئاڵ و واڵا بێ

وەرە جانا بە تاریکی خەریکی خاتیمەی عەشقم
بەڕووتی ڕوومەتت بنوێنە با شەمعی موتاڵا بێ

بە سەهلی دەم لە ئەسراری دەمی نامەرد مەدە «حەمدی»
نەپشکووتوو کە نەبووە غونچە پڕلوئلوئی لالا بێ

Kurdish_Poetry