✓ ئەحمەد موختار جاف (1896 - 1935)

دڵبەرێکم هەیە سیمینبەر و خۆشڕەفتارە
چاوی وەک نێرگسی شەهلا هەموو دەم بیمارە

ئەبرۆیی قیبلەیە، خاڵی حەجەرولئەسوەدە ئەو
پەرچەمی میسلی سەلیب، زوڵفی ئەڵێی زوننارە

ڕووی گوڵەباخە نیگارم بە خوا حەیفە کە ئەو
هاوڕەفیقی شەو و ڕۆژی دڕک و هەم خارە

ساحیبی عیشوەیە غارەتگەری ئیمانی مەیە
دڵڕەق و زاڵمە بێمیهر و وەفا و عەییارە

ڕوویەتی ئاهوویی چین و نیگەهی ئافەتی دین
دەمی وەک فندق و لێوی هەر ئەڵێی گوڵنارە

بۆ فریبی دڵی «ئەحمەد» هەموو دەم ئەو شۆخە
حازرە یا ڕەبی، ئەو دڵبەرە چەن مەککارە

Kurdish_Poetry