✓ حەقیقی (1902 - 1996)

ئەوا سۆزەی بەیان دیسان پەیامی دڵبەری هێنا
نەسیمی ڕووحپەروەر عەتری عوود و عەنبەری هێنا

شنەی بای مەرحەمەت دیسان لەلای کوێستانی کانی بەن
چ خۆش بۆنی هەڵاڵە و سوێسنە و سووسەنبەری هێنا

نە زیندوو بووم نە مردوو نامەکەت ئاوی حەیاتی دام
نە قاسید بوو نە کاغەز ساقی ئاوی کەوسەری هێنا

لە وێنەی سونبول و لالە و گوڵ و گوڵئەتڵەسی و شەوبۆ
حەریر و ئەتڵەس و جەرسە و قەنەوز و مەخمەری هێنا

لە ڕووی نەخش و نیگاری پیرەکوێستانی تەبیعەت بوو
موهەندس چوو نموونەی ڕامسەر و بابولسەری هێنا

سزد گر زنده‌ گردد مرده‌ از نامت مسیح‌آسا
کە وا بۆ مەسکەنی سەردار نامەی سەروەری هێنا

عەزیزم شەرحی دووری تۆم شەوێکی تاکوو ڕۆژ نووسی
سبەینێ زوو قەڵەم ئیعلانی خەتمی دەفتەری هێنا

قیامی قامەتت بۆ ئەهلی دڵ قامی قیامەت بوو
قەتاری کۆچوبارت بۆ موکریان مەحشەری هێنا

گڕی دڵ زۆر بەتینە وا زوو ناکووژێتەوە کامیل
«حەقیقی» دەستەچیلەی دڵ ئیمامی ئاگری هێنا

Kurdish_Poetry