✓ ئەحمەد موختار جاف (1896 - 1935)

ڕەقیبی سەگ هەتا چاوم کلا کرد
منی دووچاری سەد دەرد و بەڵا کرد

نیگار وەک ئاسکی وەحشی وەهابوو
دەمودەس چۆن لەگەڵ خۆی ئاشنا کرد

کە دیمی ڕووی لە من چەرخان و ڕۆیی
بەهانەی ڕۆینی، شەرم و حەیا کرد

شوکور ئەو شۆخە دەردی عاشقی زار
بە ماچی لێوی شیرینی دەوا کرد

کە تۆ ڕۆییت دڵی بێچارەیی من
ویداعی خۆی لەگەڵ عەیش و سەفا کرد

نە تەنها «ئەحمەد» ـی بێچارە ڕووتە
قوماری عیشقی تۆ زۆری گەدا کرد

Kurdish_Poetry