٤٣٥٤
✓ حەمدی (1876 - 1936)
لەم مەسافی عەشقەدا عاشق دەبێ بێسەر کەوێ
داری مەنسوورە بەبێ حەق کێ هەیە بێ سەر کەوێ
ئارەزووی قەتلت کە کردم شیر و تیرت بۆ چییە
کافییە موژگان و ئەبرۆت گۆشەیێکی دەرکەوێ
دڵ کەناری گوڵگوڵی کردم بە خوێنی ئاڵ و گەش
بەڵکە جارێ بێتە سەیری بەر دڵی دلبەر کەوێ
ڕەببی مووی لێبێ زمانم زیکری زلفی تۆ نەکا
گەر دەمم بێ باسی تۆ بێ بەردەمی ئەژدەر کەوێ
بۆ بەڵا بێ ڕووبەڕووی تۆ بێ دوو چاوم حازرە
ئەو خسووفەی بۆ قەمەر دێ با لە دوو ئەختەر کەوێ
زلفەکانت کەوتە سەر ڕوومەت بە بۆنی خستووم
دەستەدەستە عوود و عەنبەر وەک سەری مەجمەر کەوێ
دوودی ئاهی خەستەگان و دەردی فیرقەت یەک نەکەوت
خەرمەنی عومری ڕەقیبان بەڵکە بەر ئاگر کەوێ
دەردی گرتووە نەخلی عومرم بۆ ئەڵێن بەر ناگرێ
کێ بەری نەخلی مورادی سیححەتە بێ بەر کەوێ
من نەخۆشیم گرتووە بمری بەری نادەم ئیتر
دوور لە تۆ زەحمەت دەدا با لەمسەر و لەوسەر کەوێ
مونکیرت زۆرە وەرە «حەمدی» بنێرە کوورەوە
کۆمەڵێ لەعل و جەواهیر تا لە جێی ئەخگەر کەوێ