✓ بێخود (1879 - 1955)

هاتە بەزمی ئێمە دوێنێ شەو برۆداسێ بە دەو
هەر بەناکامی پەڵەی سەبری دڵی کردم درەو

هات ئەما چی هات!؟ وەکوو گوڵ دەم لەبالەب پێکەنین
چوو ئەما چی چوو!؟ وەکوو نێرگس دوو چاوی پڕلەخەو

خوسرەوێکی وا بەناز و عیشوە هێند شەکری شکاند
بووم بە فەرهاد ئاخری بۆ گفتوگۆی شیرینی ئەو

هەرکە چاوی کەوت بە ئەبرۆی دەسبەجێ قازی وتی
لێ بدەن مەیتەر کە ئیمشەو جەژنە، دیمان ماهی نەو

گەر بە زەڕ بۆی دەس بدایێ شێخ تەماشاکردنی
زوو جل و خەرقەی ئەنایە ڕەهن و پێناوی گرەو

چینی کاکۆڵی کە پەخشان بوو بەلای ملیا، وتم
سەر بیلادی شەرق ئەچێ وا دیارە هۆردووی غەربی شەو

دڵ کە کونکون بوو ئەبێ جارجارە ڕازی دەرکەوێ
دەنکەدەنکە نیسک و نۆک هەر دائەدەن بێژنگ و کەو

وەهـ چ خۆشە تا سبەینێ دەم لەسەر غونچەی دەمی
من وەکوو بولبول بناڵم، ئەو بخوێنێ چەشنی کەو

قەت بە گۆشتەوزوون نەزانی قەرتماغەی زامی دڵ
پێستەکەی لێ لادە «بێخود» تێ ئەگەی کردوویە هەو

Kurdish_Poetry