٤٣١٧
✓ بێخود (1879 - 1955)
سوبحی فەروەردینە ئەمڕۆ، بولبولی دڵ بێغەمە
گەر لە خۆشیا ڕۆحی دەرچێ باخەوان هێشتا کەمە
هەر دەڵێی غیلمان و حوورن نەوعورووسانی چەمەن
ڕووی زەمین جەنناتی عەدنە، هێندە تازە و خوڕڕەمە
وا لقی لاولاو بە قەد سەروی ڕەوانا هەڵچووە
بۆ لەباوەشگرتنی باڵای بتان وەک پەرچەمە
گوڵ خەریکی ڕەنگ و بۆ یەعنی شەبیهی ڕوومەتە
خونچە مەشغووڵی تەبەسسوم، هەر دەڵێی لێو و دەمە
زەمزەمەی سار و کەبووتەر وەک نەوای نای و نەیە
هەمهەمەی دوڕڕاج و قومری ڕاست ئەڵێی زیر و بەمە
بێنە ناو بەزمی چەمەن دنیا ببینن سەربەسەر
نەشئەیی نَظّارەیی نێرگس ئەڵێی جامی جەمە
با نەدوێن ئیتر لە ئەستێرەی شکۆفەی بورجی باخ
بێینە سەر ئەوسافی نجم الدّین کە بەدری عالەمە
چونکە میعماری تەریقەت باوک و باپیری ئەون
بۆیە دیواری حەساری نەقشبەندی مەحکەمە
ڕۆحی هودهود بۆ قوربانی دەم و لێوی نەبێ!؟
وەک سولەیمانی زەمان ساحیبنگین و خاتەمە
بۆ لە یومنی مەقدەمی سەرتان نەگاتە ئاسمان!؟
جیلوەگاهی ئافتابی ئێمە عەرشی ئەعزەمە
خەڵقە بۆ ناچن لەبۆ ڕەوزەی بیارە بۆ تەواف؟
خاکی وەک خاکی بەقیعە، ئاوی ئاوی زەمزەمە
نەک بەتەنها قەیسەری ڕۆم خادیمی دەرگای ئەوە
بۆ سوجوودی حاجیبی خاقانی چین پشتی خەمە
نێرگسی ئەو تا تەبیبم بێ چ باکم زەخمە من
بۆ برینی زاهیر و باتین نیگاهی مەرهەمە
هێندە بۆ ئیحیای دڵی مردوو یەدی بەیزای هەیە
گاور و جووش پێی ئەڵێن مووسادەسە و عیسادەمە
ئیلتیفاتی شاهی من بۆ دۆست و دوژمن وەک یەکە
خزمەتی سِيّانە، گەر بێگانەیە یا مەحرەمە
خاکی بەرپێی ئەو بە «بێخود» گەر بە ڕیفعەت تالبی
دەس بە داوێن گرتنی بۆ بانی عیرفان سوللەمە