٤٣٠٣
✓ حەمدی (1876 - 1936)
لەسەر ڕوو پەرچەمت کردوویەتی تەشریحی ئایینت
مەسیحی بێ ئەگەر ئەهلی موحیببەت دێتە سەر دینت
بەیادی خاڵی تۆیە سەجدە بەر مۆرە دەبەن شیعە
لە مل زوننار دەکەن چینی لە خۆشی زلفی چینچینت
چ ئیمکانە قەمەر هەڵبێ موقابیل شەمسی ڕوخسارت
بە پەروانە نەبێ پەروین لە شەوقی چاوی پەروینت
بەجارێ تۆوی میشک و عەنبەری هەر کرد بە کۆی زوخاڵ
کە بۆی هێنا سەبا ناو و نیشانەی خاڵی میشکینت
لە شاخا دەنگی فەرهادم لە گوێ دێ هەر دەڵێ عاشق
بە گژ کێوا بچۆ نامەرد هەتە گەر عەشقی شیرینت
پڵوپووشێکی وەک من کەوتە بەر ئەو شەمعی ڕوخسارە
حەقی سووتانە نابێتە دەلیلی لوتف یا کینت
ئەوی لەیلاپەرستە نەیسوارە هەر وەکوو مەجنوون
کە وەستا مەرکەبت دنیاپەرست بیکە لە خۆت زینت
وەکوو ئیکسیری ئەحمەر خالیسە خوێنی دڵی «حەمدی»
ڕەوایە ئێستە بیکەیتە نیگاری دەستی ڕەنگینت
+ بڵاو کرایەوە لە 2021/5/16 ـدا کاتژمێر 23:54 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|