✓ وەفایی (1844 - 1902)

دڵی دێوانە لەسەر زولفی لە عالەم بەرییە
قەد ڕەهایی نییە لەو داوە کە بەستەی پەرییە

بەوەفا بە کە دەشمکوژی بە میهرم وەرە سەر
دا نەڵێن عاشقی بێمیهر و وەفا سەرسەرییە

چت لە دڵ داوە عەزیزم وەرە نێو دیدەیی من
دڵ هەموو ئاورە، چاو مەنزەرەیی دوودەرییە

چاوی بیماری تەبیبی هەموو دەردی دڵمە
غەمزە دەرمانییە، پەیکانی موژە نەشتەرییە

قامەتی تۆ کە گوڵ و بەی بەری بێ، بێبەری بێ
بۆچ دەڵێن ئیدی سنەوبەر بەری بێ بێبەرییە؟

بۆیە سووتاوم ئەمن عاشقی بەدناوم ئەمن
دڵەکەم غەمزەدەیی غەمزە و نازی پەرییە

ڕوو بە ئەبرۆتە ئەگەر بۆ چی دڵئازارە موژەت؟
ئەهلی قیبلە عەجەبا وا ڕەوشی کافەرییە

سەروی گوڵزاری «وەفایی» ـیە کە گوڵزاری جەمال
خەندەگوڵ، گوڵ بەرییە، هەم گوڵە هەم گوڵپەرییە

Kurdish_Poetry