✓ حەمدی (1876 - 1936)

لە بورجی پەرچەمی کێدایە بەرقی داوە لاجانگێ
لە سوبحی سادقیش بەڵکە سپیتر بوو کە شەو دانگێ

خودا حافیزی بێت بڕوا لە چاوما عەکسی گیراوە
کە ڕۆژ ئاوا ببێ بۆ خۆم هەڵی دێنم وەکوو مانگێ

هەزار بانگی بەناحەق دا موئەززین باقییە هێشتا
کە مەنسووریش بەسەر دارا ئەکەن بیدا بە حەق بانگێ

کە چاوی هەڵبڕی مومکین نییە بەندی جگەر نەبڕێ
هەزار نەشتەر لەلام وایە نەکا تەئسیری برژانگێ

زەمانێکە بەڕۆژووم بەو ئومێدەی هەر دەڵێم بیکەم
لە قورسی ڕوومەت و عەننابی لێوت بەڵکە بەربانگێ

هەموو ئەعزای دەمە بۆ گرتنی یاران ڕەقیب یا ڕەب
لە دەریای خوڵقەتا نابێتەوە بەو نەوعە قرژانگێ

لە تاعوون و وەبا بێباکە لەو ساوە فەلەک «حەمدی»
هەناسەی سەردی تۆ ئەیدا بە دووکەڵ کوللی شەو قانگێ

Kurdish_Poetry