✓ بێخود (1879 - 1955)

لە بورجی سینە کە ئەو زوهرەچاوە پێ ئەکەنێ
فریشتەیێکە لە عەرشی خوداوە پێ ئەکەنێ

کە لێوی گوڵ بە هەناسەم ئەگا، ئەڵێی ئاخۆ
چ خونچەیێکە بەدەم بای سەباوە پێ ئەکەنێ!؟

لە خۆشی ئەو دەمە زۆری نەماوە باڵ بگرم
ڕەقیب کە ئەگری و ئەو شۆخیلاوە پێ ئەکەنێ

هەزار بولبول ئەکا مەست و ئەیشیگریێنێ
لە گوڵشەنێ کە ئەو ئارەقگوڵاوە پێ ئەکەنێ

ئەسیری شێری دڵی ئەو کەسەم لە خۆشیانا
کە کەوتە سیلسیلەی ئەو زوڵفە خاوە پێ ئەکەنێ

بەدی ئەکا کە سەحەر موویی ڕۆژ و ڕوویی شەوم
ئەڵێی بە من لە کەناری سەماوە پێ ئەکەنێ

ئەزانی «بێخود» ئەگەر چۆنە بەم هەموو غەمەوە
بەدەم بروسکەیی عَرَقُ النِّساءوە پێ ئەکەنێ

Kurdish_Poetry