✓ حەمدی (1876 - 1936)

لە پارسەنگی گەدایانی عەشقدا شا نییە سووکە
من و ڕووی یار، ئەو و پارەی دڵی مسکینی مەفلووکە

دڵم بۆ وەک نگین شەقشەق نەبێ تەختی سولەیمانی
لەدەس بەخت نەسردا بێ بڵێن تابیع بە کەرکووکە

بە چاوی مەستی جانان نێرگسی شەهلا دەشوبهێنن
کە بادام و نوقڵ کەی قابیلی تەتبیقی خڕنووکە

کە سەیری تەوری دنیاخوازەکانم کرد وتم یا ڕەب
کە زاوا بن ئەمانە وای بە حاڵی بووک و بەربووکە

بە گوێی من گەر بکا سۆفی دەخاتە پشتی گوێی ڕیشی
کە ئێرە جەننەتە جێی کاکۆل و ڕوخساری بێتووکە

زڕەی زنجیر و ناڵەی پڕ لە تەئسیری لە دڵ هەڵسا
چییە سووچی لە زیندانا دیسان مەحبووس و مەترووکە

وتوویە «حەمدی» کوشتەی غەمزەمە بۆ گەردنئازایی
لە مردنیا دەچم ئامان ئەجەل هەر چی دەکەی زوو کە

Kurdish_Poetry