✓ سابیری (1881 - 1944)

نووری جەماڵت جەلابەخشی تەماشایی ڕووح
لێوی شەکەرباری تۆ، زائیقەبەخشایی ڕووح

پڕتەوی ڕوخساری تۆ، دیدەیی بیماری تۆ
مورسیی ئازاری تۆ، مەنشەئی غەوغایی ڕووح

عیللەت و ئازاری من، قەلبی برینداری من
دیدەیی خوونباری من، شاهیدی دەعوایی ڕووح

خەلقی خودا ئەی پەری بۆ لەبی تۆ موشتەری
هەم بە سەمەرقەندی دڵ، هەم بە بوخارایی ڕووح

دڕکی غەمی عەشقی تۆ، وا چەقییە پایی دڵ
قووەتی نووری نەما، دیدەیی بینایی ڕووح

تەرجەمەکەی ئایەتی مەسحەفی ڕووت مەقسەدە
وەرنە ئیجازەت نییە گوفتنی مەعنایی ڕووح

یا بە شەکەرخەندەیێ لەرزی دڵم چارە کە
یا بە دوو عیننابی لێو، واهیمە شەوتابی ڕووح

باسی ڕەنگ و ڕوو نییە، عیللەتی مەجنوونییە
کاری ئەرەستوو نییە، جەننەتی سەودایی ڕووح

«سابیر» ئەگەر جان و دڵ سەرفی بکەی لائیقە
بۆ سەنەم و دولبەری هەمدەم و هەمتایی ڕووح

Kurdish_Poetry