٤٢١٧
✓ ناتیق (1886 - 1967)
هەر زەمان ئەو تورکی مەستە ئارەزووی نێچیر ئەکا
کۆمەڵی عاشق لە حەلقەی پەرچەما زنجیر ئەکا
گا بە شەڕ شمشێری ئەبرۆی چاک ئەکا دڵ گا میهر
خەمزەکەی بۆ بەقیە قولاپی مووژەی جووت گیر ئەکا
کافرەی بێمروەتە وەک دەرسی سیحری خویندبێ
چاوی ئەگلێنێ جیهانێ سەربەسەر تەسخیر ئەکا
تیرەباران ماڵ ئەکا وێران و من بەختم هەیە
یار بە پەیکانی مووژەی وێرانی دڵ تەعمیر ئەکا
گا بە نەشتەر هەڵدڕن جەرگم بە گوێزان بمجنن
ئاگری عیشقی لە دڵما تاکوو دێ تەئسیر ئەکا
پێی بڵێن بۆ قەتڵی ئاشق حاجەتی خەنجەر نییە
خەمزەکەی موژگان و ئەبرۆی کاری تیر و شیر ئەکا
عیللەتی پیری قەدی چەماندمەوە وەک ئەبرۆت
عەشقی باڵاکەت بەڵایەکە جیهانێ پیر ئەکا
گوێ مەدە قەولی ڕەقیبی سەگسیفەت قوربانی تۆم
بەدڕەوشتە حەز بە فیتنە و شۆرش و تەزویر ئەکا
«ناتیقی» خۆتت بە دەردێک کوشتووە شام و سەحەر
شەرحی هیجرانت بە خوێناوی دڵی تەحریر ئەکا