✓ شوکری فەزڵی (1882 - 1926)

لە هیجرا ڕۆژ و شەو عاشق خەریکی ناڵەیی زارە
پەرێشانحاڵە قوربان، عاجز و غەمبار و بیمارە

شیفام با ماچی لێوت قەت نییە ئێستاکە، دڵ چونکە
بە نووکی خەنجەری موژگانی خوونڕێژت بریندارە

بنازم وردەغەمزەی چاوی مەستت ئەی کەمانئەبرۆ
کە وا بۆ کوشتنی عاشق عەجەب تیرێکی خوێنخوارە

ئەگەر بۆ سەیدی مورغی دڵ نەبێ کاکۆڵی موشکینت
لەبەر چی هەر وەها چینچین و پێچاوپێچ و خوارە

لە چینی پەرچەمی تۆدا سەبا سست هاتە سەفحەی باغ
مەگەر سەرمەستە قوربان بۆیە وا ئاهیستەڕەفتارە

بە کوشتن شاد ئەبم ئێستا، بەشەرتێ گەر بەجێ بێڵێ
لە دڵدا خەنجەرێ بۆ یادگار ئەو شۆخە غەددارە

حەمەد بەگ تا بڵێی شیرینە «هەممی» هەر وەکوو نەزمم
کە هەم مەشهووری ئافاق و پەسندی یار و ئەغیارە

Kurdish_Poetry