✓ مەزڵووم (1916 - 1955)

یاری وەفادار، یاری وەفادار
نازک و نازدار، یاری وەفادار

لە هیجرانی تۆ بووم بە کۆی زووخاڵ
نەمکرد سەیرانی گۆنا و خەت و خاڵ

عەهدە کردوومە هەر وەکوو فەرهاد
لە کۆی عەشقی تۆ خۆ بکەم بەرباد

هەر کاتێ شاد بووم بە دیداری تۆ
بووم بە خاوەنی خەت و خاڵی تۆ

لام مەتڵەب نییە تەعنەی ڕەقیبان
گوێ نادەم بە پەند، واعیز و خویشان

دەوڵەتی وەسڵت بۆ من کافییە
تاجی کەیخوسرەو لام بەهای نییە

گەنج و ئیقباڵم دانەی خاڵی تۆ
چرای دیوانم چاوی کاڵی تۆ

خورد و خۆراکم ماچی کوڵمی تۆ
شیشەی شەرابم سای گەردنی تۆ

مەعبەدخانەکەم خەڵوەتخانەی تۆ
قیبلەگای سوجدەم میحرابی ئەبرۆ

تەوافی کەعبەم وەسڵی دیدارت
حەجەرولئەسوەد خاڵی ڕوخسارت

تای عوود و تارم دوو زوڵفی خاوت
سەرخۆشی کردم مەیخانەی چاوت

مێزی شەرابم سینەی مەڕمەڕت
مەزەی شەرابم دوو لیمۆی تەڕت

عەرەق و بیرەم ماچی کوڵمی تۆ
ساقی و پیاڵەم چاوی گەشی تۆ

دەم دەم ئەنۆشم شەرابی گۆنات
دوو لیمۆی کاڵت، بۆ مەزە هێنات

مەستی دوو چاوی عاشقکوژی تۆم
جگەر لەتلەتی غەمزە و نازی تۆم

چاوت هەڵبڕە بزانە من کێم
ئەمن مەجنوونی دوو چاوی لەیلێم

ئەسیرم بەدەس ڕەقیبانەوە
هەم بەدەس دڵەی ماڵوێرانەوە

دەردم وەهایە لەیلی نازپەروەر
نزیکە دەرچم لە پێستی بەشەر

ئیتر کۆتایی کەلامم نایە
ڕەنگزەردی عەشقم شیفام قەت نایە

«مەزڵووم» وەک مەجنوون پیشەی زارییە
خولیای عاشقی بێقەرارییە

Kurdish_Poetry