✓ وەفایی (1844 - 1902)

ئەی جەننەتی عەیشی ئەبەدم ڕێگوزەری تۆ
نووری نەزەرم، تاجی سەرم، خاکی دەری تۆ

بەو قامەتە خاڵ و خەتی ڕووی تۆ کە دەبینم
هەر گوڵشەنی فیردەوسە بە نەخلی شەجەری تۆ

سەروی سەهی، قوربان! ئەگەر ئازادە ئەدی بۆچ
بادام و گوڵ و سونبول و نەسرینە بەری تۆ

دەدرەوشێ لەنێو زولفی ڕەشت ئارەقی گەردەن
خۆ هەر شەوە پەیدا بوو ستارەی سەحەری تۆ

نازانم ئەتۆ بۆ چی بە لەب و قامەتی شیرین
غونچەی شەجەری، یا نە گوڵی نەیشەکەری تۆ

ئەو چاوە کە وا مەستە بە حوسنی ڕوخی زیبا
داخۆ چ بکا فیتنەیی دەوری قەمەری تۆ

توخودا دەمەکەت دەرخە لەنێو توڕڕە بزانم
تامی چییە ئەو حوققەیی شیر و شەکەری تۆ

خۆ سەیدی حەڕەم قەتڵی حەرامە! ئەدی زولفت
کافر کە نەبوو بۆ چی منی کوشت لە دەری تۆ

ئەو ڕۆژە بە زوننارەوە من چوومە خەرابات
زولفت منی کێشا بە ئیشارەی نەزەری تۆ

بۆ من کە نەبێ وەعدەیی دیداری جەماڵت
چ بکەم لە بەهەشت و نەزەری حوور و پەری تۆ

قەت گوڵ بە ڕوخی تۆ نەبووە، سەرو بە باڵات
سەروێکە ڕەوانبەخشە گوڵی سیمبەری تۆ

بۆ قیبلەیی لای ڕووتە هەموو سەعیی «وەفایی»
عومرەم بە خودا عەینی سەفا وا لە دەری تۆ

Kurdish_Poetry