٤٠٧٨
✓ ناسر حیسامی (1959)
- کۆچی ئاویەر
- جەلال مەلەکشا (1951 - 2020)
جەلالی مەلەکشا کۆچی دواییی کرد. کاک جەلال کە خەڵکی شاری سنە بوو، ناوی شاخی "ئاویەر" ـی کردبوو بە ناسناوی خۆی. لە سەردەمی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێراندا لەدژی حکوومەتی شا، کاک جەلال بە شیعری پڕ لە حەماس و ورە و وزەی شۆڕشگێڕانە ناوبانگی دەرکرد. کاسێتی شیعرەکانی، کە پێم وایە بە دەنگی خۆی تۆمار کرابوو، لە بنکەکانی پێشمەرگە، لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا و لەو شوێنانەی شارەکان کە ڕۆژنامە و بەیاننامەی حیزب و لایەنەکان بڵاو دەکرانەوە، زۆربەی جار بە دەنگی بەرز بڵاو دەکرانەوە:
ئەوا ڕێوی لە پێچی کوێرەرێیانەوە دێن
بڵێ شێرەکوڕان ئامادە بن.
....
بەجێت ناهێلم
ئەی وڵاتی سووتاو
بەتەنیات بەجێ ناهێڵم.
کاک جەلال وڵاتە سووتاوەکەی خۆیی بەجێ نەهێشت و بە هەموو هاوارە حەماسییەکانیەوە، لە پەراوێزی وڵاتە سووتاوەکەی خۆی مایەوە. ئەو "شێرەکوڕان" ـەی کاک جەلال بانگەوازی کردبوون بۆ خۆڕاگری، سەردەمێک شار و ناوچەکانی خۆیانیان پاراست. بەڵام نە ئەو دەم و نە ساڵانی دواتریش، نەبوونە چیایەک کە کاک جەلال دەنگدانەوەی بانگەوازەکەی خۆیی لێ ببیستێتەوە. کاک جەلال خۆیشی ئیدی زۆر چاوەڕێی بیستنی دەنگدانەوەی بانگەوازەکەی خۆی نەمایەوە. وەک ئەحمەدی شاملوو دەڵێ:
بوومە میوەی سەر لقی دار
خڕەبەردی دەستی منداڵ
تەلیسمی موعجیزەیەک مەگەر
لە دەست خۆمم بپارێزی
وا کە هەلینگم داوەتە تاڵانکردنی خۆم.
شاعیری "ئاویەر"، شاعیری ڕاپەڕین و خۆڕاگری، بەڵام بەشیوەیەکی دیکە بوو بە هێمای وڵاتەکەی خۆی؛ شارێک دەکەوێتە بەر هێرش و لە دوای سووتماک و وێرانی و تاڵان و بڕۆ، قەڵایەکی سووتێنراو هەتا ساڵانی ساڵ دووکەڵی لێ هەڵدەستێت. جەلالی مەلەکشا، ئەو قەڵایەی سەردەمی خۆڕاگری بوو کە هەتا ژیا وەک یادگاری ئەو سووتماکە گەورەیە، برین و دڵشکاوی و ئازاری وەبیر هێناینەوە. مەلی کونجی قەفەس بوو، بەڵام هەرگیز چریکەی خۆیی لەبیر نەبردەوە.
جەلالی مەلەکشا لە دوای خۆی، دەنگدانەوەی زیاتر دەبێت. ئەو کاتەی نەوەکانی داهاتوو ئیدی نەک دیمەنی لەشی بیماری ئەو شاعیرە دڵشکاوە، بەڵکوو دیمەنی شاعیری شیعری گەرمی هاندەرانە و ستایشی ئازادی لە یادیاندا دەمێنێتەوە.