٤٠٧١
✓ وەفایی (1844 - 1902)
شەرحی دەردی ئارەزوومەندی لە کەس تەئسیری نابێ
ئەو کەسەی دەردم دەزانێ گەر لە یاری خۆی جودا بێ
ئەی برادەر خانەوێرانی جودایی بوو وەفایی
وەک وەفایی ئەی جودایی یاخودا خانەت خرا بێ
غەیری دڵبەر دەردی دڵ ناڵێم بە هیچ کەس تا بمێنم
دەردی دڵ بۆ وەی بڵێم چاکە بە دەردم ئاشنا بێ
ئاخر ئەی سوڵتانی خووبان تا بەکەی نامیهرەبانی
چاکە مەحروومم نەفەرمووی یا خیتابێ یا عیتابێ
ڕۆژ و شەو تۆ بوویتە قوربان شیوەن و شینی دڵی من
کاری بولبول فەسڵی گوڵ ناڵینە تا ئاهێکی مابێ
مەنعی سووتانم مەفەرموو باوجوودی ئەو جەماڵە
پیشەیی پەروانە هەر سووتانە تا شەوقی چرا بێ
هەر کەسێکی گوڵفرۆشە باغی پڕ جۆش و خرۆشە
یا دەری گوڵزاری بگرێ، یا لە بولبول بێسەدا بێ
هەر چی تۆ پێت خۆشە مەحزی ڕەحمەت و مەقسوودی دڵمە
گەر عیتابی لن ترانی یا خیتابی أو دنا بێ
بۆیێ سەرتاپا گوناهم، بۆیێ عاسی و ڕووسیاهم
تا گەدا شایانی ڕوحم و ئیلتیفاتی پادشا بێ
دوور لە ئەغیار و ڕەقیبان عومری دووسەد ساڵە دێنێ
دەست لە دەستی یار و سەحنی باغ و گۆشەی ماهتابێ
ڕەنگزەرد و لێوبەبار و ئەشکبار و بێقەرارە
زۆر پەرێشانە «وەفایی» وەک لە یاران هەڵبڕابێ