✓ موحەممەد سەدیق مەحموودی (1937 - 1990)

ئەگەرچی زۆر لەمێژە هۆگری پیاڵەی مەی و بادەم
نەشەی ماچێکی تۆ ئەمما بە مەستی بادە قەت نادەم

ئەگەر ماچی سەری کوڵمت ببەخشی پێم و بمکوژی
دە یا ڕەببی نمەکگیر بم کە لەو سەودایە سەر با دەم

فریشتە بێتە لام و خۆی وەکوو تۆ دابنێ، شەرتە
هەتاکوو بانی پانی ئاسمانی حەوتەمی ڕا دەم

دەڵێن ماچی کەزی تۆی کردووە شەوبا، دەڵێم ئێستا
لە چاوی کوێری شەو تف کەم، لە فڵچی بێحەیا با دەم

کە جارێکی بچێژێ تامی خۆشی ئارەقی گۆنات
خدر ئیتر لە ئاوی ژینی خۆی نادا لەمەولا دەم

کچی نەشمیل، وەرە، تۆی گوڵ لەنێو گوڵدانی باوەشما
شنەت بێ، تا پەژارەی چەندە ساڵەی خۆم بەبادا دەم

لەشم گەرمی ئەوینە و بەژنی شووشت سەروی ئازادە
لەبەر وەی دیلی تاسەی سێبەری ئەو سەروە ئازادەم

Kurdish_Poetry