✓  ئەسیری (1895 - 1962)

دەردی دڵم وەک ئەربەبا، زیڕەم کە دێتە گوێت بە با
بۆ زیز ئەبی ئیمانەکەم، چ بکەم بەمە ئەیدەم بەبا

خۆت با ئەدەی، خۆت لا ئەدەی، ڕوویی شیرینت دائەدەی
بەندی جگەر بۆ با ئەدەی، نابی لەگەڵما بۆ تەبا

ئەی نیشتمانی باغی گەشت، سینەت گوڵستانی بەهەشت
دەنگی بول و بۆیی گوڵت دڵ مەست ئەکا ساقی سەبا

هاواری من فەریادی من، ڕۆژی ڕەشی بەربادی من
مەستی و قەشەنگی و شۆخی تۆ، هۆشی سەری سوقرات ئەبا

جەرگ و دڵم وا بوو بە خوێن، وەک گێژ ئەڕۆم بێ ڕێ و شوێن
چارەی نییە دەردت دەڵێن دیزانتەری و سیلە و وەبا

سینەی سووتاوم شەق بکەی، پۆرگی دڵم گەر لەت بکەی
سەیری کەژی هەممم بکەی، گردێکە وەک قافی قوبا

ئەی دۆتە گوفتت دا بە کێ، بوویتە وەوی و میوانی کێ
دەردی دڵم بێژم بە کێ، خۆم ڕەنجەڕۆ و کردەم هەبا

لەومم دەکەن گەورە و بچووک، سووتام لە شاری کاری کووک
وا بوومە پەن ڕیسوا و سووک، ناڵێن «ئەسیری» مەرحەبا

Kurdish_Poetry