✓ مەزڵووم

لە وەسفی جوانیت ئەی یاری دڵدار
ئەم دوو سێ فەردە ئەڵێم بە یادگار

ئەبرۆت بە نەقش سونعی ئیلاهی
کێشراوە وەک تاق ئیقباڵی شاهی

چاوت گەلاوێژ پریشکە دێنێ
ڕوومەت ئاوێنە، ئینسان ئەنوێنێ

دەم کانی یاقووت، پڕە لە گەوهەر
زوبان شیرینتر لە شەهد و شەکەر

دوو زوڵفی ڕەشت هەر وەکوو ڕەشمار
ئاڵاوە لە مل نازگی نازدار

گەردی وەک بلوور، مینایی بێگەرد
شیرین و پەسەند وەک ئاڵتوونی زەرد

زوڵفت وەک کەمەند، نێچیری بەهرام
بۆتە زنجیری دڵەی نابەکام

مەمانت نارنج، یا لیمۆی کاڵە
یا خود شەمامە یان پرتەقاڵە

گۆنات وەکوو شەمع، منیش پەروانە
بە حوسنت سووتام، جەرگم بریانە

سینەت بەوێنەی بەفری تازە و تەڕ
ساف و بێگەردی وەک بەردی مەڕمەڕ

نافەت عەترڕێز پڕ موشک و عەنبەر
پڕ لە ڕائیحە و بۆنی موعەتتەر

شەرتە «مەزڵووم» ـیش لەیلی نازپەروەر
مەجنوونی تۆ بێ تا ڕۆژی مەحشەر

Kurdish_Poetry