✓ عەلی حەسەنیانی

بەهاری ئێمە دێ و خونچە دەخەمڵێن
دەرودەشت و چیا گشتی دەڕەنگێن
لەگەڵ یاری بەتاسەی دوورەزێدم
دەچێتە سەیری نواڵە و مێرگ و بژوێن

ئەوا زستانە بەندی بەندی بەندم
نەماوە پێکەنین و قام و بەندم
بەجێت هێشتم لە داوی بەند و باوا
کەچی دەتکوت لەبەر تۆ لێرە بەندم

ئەوا نەورۆزە خەمڵیوە کەژ و کۆ
ئەتۆ پێت وایە من چۆنم بەبێ تۆ
خەمینم، لێوبەبارم، دڵشکاوم
لە ناخی جەرگ و دڵ هەڵدەستێ بۆسۆ

وەکوو کوێستانی تەمگرتووی وڵاتم
لە شەوگاری خەما داماو و ماتم
بەڵام نووری هومێدم هەر لە دڵدا
هەتا هەم چاوەڕوانی ڕۆژهەڵاتم

Kurdish_Poetry