٣٧٦٣
✓ مینە جاف
ئەی وەتەن زۆر دولبەرە دەشت و دیارە جوانەکەت
نەشئەبەخشایە بە حەققت مەنزەر و سەیرانەکەت
مەڵهەمی زامی دڵی ناسۆری خەمباران ئەکا
سروەیی بۆ عەمبەری خۆرکەوتن و عەسرانەکەت
ئەی وەتەن بۆ داهی و مونسیف بەهەشت ئیسبات ئەکا
لالەزار و گوڵشەنی سەحرا و دەشت و بانەکەت
ئیشتیباهی لا ئەچێت بێفێڵ ئەڵێت ڕیزوان هەیە
هەر کەسێ بڕواتە سەیری شاخ و دارستانەکەت
ئەی وەتەن باوەڕ بە ئایەی وەسفی ڕووی خۆری ئەکا
کافری موتڵەق ببینێ بەزمی چاوبازانەکەت
دەفعەیێکی تر بە غیلمان سەربەخۆ ناڵێ نییە
چاوی کەوتە گەنجەکان و کۆمەڵی لاوانەکەت
ئەی وەتەن دڵگەرمە، ئیمڕۆ من تەلەبکارم لە حەق
زووبەزوو پاڵتاوی ئازادی بکەیتە شانەکەت
کۆمەڵێ بگرن بە خۆشی ئەشرەف و سەردارەکان
بیخۆنۆ شەکراوی ئازادی لەلای سوڵتانەکەت
ئەی وەتەن ئەو ڕۆژە «مینە» بێت و موژدەی پێ بدا
چەن خۆشە بەو موژدە ساڕێژ بێ دڵە پڕژانەکەت
+ بڵاو کرایەوە لە 2020/2/27 ـدا کاتژمێر 21:56 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|
ڤەژینبوکس