✓ مەزڵووم

ڕووم لە تۆیە گوێ ڕاگرە بۆت بەیان کەم ماجەرای دڵ
هەر چی ئەڵێم عاجز مەبە با داخی خۆم نەبەمە گڵ

گڕت تێ چێ جیهان، ڕەببی ملت شکێ بۆ کردەوەت
تۆی مەنبەعی فیسق و فیساد تۆی ئالەتی زوڵم و قەتڵ

شاخی بەرزت دەبێ دەربێ بەدەم سزا و نەگبەتەوە
تەخت و بەبختت سەرنگوون بێ تا قیامەت ببی خەجڵ

من بەهەدەر لۆمەت ئەکەم بەبێسوودە تەعنە ئەدەم
هەر چی بکەی عەیب نییە باکت نییە لە تەعنەی گەل

بێئووسووڵە ئیشوکارت بێمەتڵەبە گیرودارت
بە کەر ئەدەی تەوقەی زێڕین لە سەگ ئەکەی حیلەی غەزەل

وەکوو شەیتان تۆ لە ڕێگە دەرئەکەی منداڵی خەڵقی
نانی باوکی خۆی نەدیوە دنیات دایە خەزنە لەگەڵ

وەکوو تاسی حەمام وایتە، وەفات بۆ کەس نییە تا سەر
تاڵبانت بەداغ ئەمرن مونکیرانت عەدوون بە دڵ

غەیری «مەزڵووم» هەموو عالەم بۆ وەسڵی تۆ خرۆشاوە
بەدەس سیحر و جادووی تۆوە بیریان چووە دەردی ئەجەل

Kurdish_Poetry