٣٢٣٩
✓ ئەدیب
چاوەکەت مەستە بەناحەق فێری مەیخانەی مەکە
لێی گەڕێ مەمنوونی بەزمی دوردی پەیمانەی مەکە
زولفی سازاوت دەسا تەرتیب و چینی تێک مەدە
حەیفە تووشی جەوری ڕێش و کێشی لەرزانەی مەکە
پەرچەمت جێی ئاشیانەی بولبولی تەبعی منە
چونکە ئێشکچی شەوە تۆ مەنعی هێلانەی مەکە
گەردنم پێی خۆشە حەڵقەی تای تەنافی زولفەکەت
چاوەکەم ئیتر حەواڵەی تۆق و زۆڵانەی مەکە
دڵ بەمەیلی خۆی دەمێکە عاشقی باڵاکەتە
تۆخودا مائیل بە غەیری خۆت و بێگانەی مەکە
هەر لە ئەووەل تۆ دڵت بردم بە نازی چاوەکەت
تازە فێری ڕاھ و ڕەسم و تەبعی پەروانەی مەکە
عاشقی خونچەی دەمت تا کەی دەبێ ئاوارە بێ
مەحڕەمی ڕازە حەواڵەی چۆڵ و وێرانەی مەکە
هەر بەڕەسمی دیدەنی باسێکی نایێنی دەمت
دڵبەری وا نابێ عەیبە نانەجیبانەی مەکە
خۆت دەزانی وەک «ئەدیب» کەس بەندەگی پێ ناکرێ
وا بە ڕیسوایی لەناو ئەم خەڵکە ئەفسانەی مەکە
+ بڵاو کرایەوە لە 2018/12/19 ـدا کاتژمێر 20:24 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|