✓ حەقیقی

دڵم دەس خا ئەگەر ئەو شۆخە شیرازییەی دڵئاوایە
بەڕەشخاڵی دەکەم پێشکەش سەمەرقەند و بوخارایە

مەیی باقیم دەیە ساقی لە جەننەتدا پەیا ناکەی
قەراغی ئاوی ڕوکناباد و سەیرانگەی موسەللایە

لە شارشێوێنەکانی شۆخ و شیرینکارە هاوارم
وەهایان سەبری دڵ بردم کە شاهۆ کەو لە سەحرایە

نیازێکی نییە بەو نیوەچڵ عیشقەی مە جوانی یار
چ حەوجێکی بە ڕەنگ و ڕوو هەیە بووکێکی دڵخوایە

لە شاراوەی زەمان کەم بێژە باسی موتریب و مەی کە
بە کەس هەڵنادرێ و نەدرا بە زانین ئەو موعەممایە

ئەمن لەو جوانییە بێوێنەیەی یووسف هەبووی زانیم
ئەوین دێنێتە دەر خۆگرتنی پەردەی زولیخایە

جنێوم پێ دە، تووکم لێ کە، دووعات بۆ دەکەم چونکە
وەرامی تاڵی تۆ شیرینە لەو لێوە شەکەرخایە

نەسیحەت بگرە گوێ گیانە، لە گیان شیرینترە لایان
ئەوانەی بەختەوەر گەنجن سپاردەی پیری زانایە

دوڕت کون کرد و شیعرت گوت وەرە بیخوێنەوە «حافز»
بە نەزمت هەڵدەپڕژێنێ سەما کۆمای سورەییایە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry