٢٦٦٢
✓ ئەدیب
عەجەب ماوم کە پەسوێ بۆتە تاران بۆ منی خاکی
دەبێ بمری لە دەردی بێ وەڵامی عارز و شاکی
ھەتا وێستا لەبۆ بێچارە جێی لوتف و عەداڵەت بووی
لەبەر بەدبەختی خۆمە دادخوازی بۆتە بێباکی
دەسووم داسی ئومێدم بۆ دروونی مەزرەعەی لوتفت
پەڕی خووشەی ڕەجا و ئارەزووم، ما خار و خاشاکی
دە بگرە جوولەکێک بم من موتیعی ئەمری ئیسلامم
لە ئیجرای حەق تەساموح حەققە ھەم بۆ ئامیر و زاکی
لە لاجان و شنۆ، مەلجەء نەماوە مولتەجی بم پێی
کە ئاغاش لێم نەپرسێ دابنیشم با بەغەمناکی
ئەگەر مەیلت نەبایە زەڕخریدی کەس نەبوو لاجان
ھەمیشە چاوەڕێی لوتفی ئەتۆیە چاوی غەمناکی
«ئەدیب»ـیش ھەم بە ڕۆژی خۆی بە کاری گیان نیساری دێت
درێغی لێ مەفەرموو، بێ خەتا، ڕووی ڕەحمەتی چاکی
لە لان وا بوو کە بێچاران لە سایەت بێخەم و دەردن
کە لاجان بێتە تەورێز، خۆم قوتار کەم با بەچالاکی
+ بڵاو کرایەوە لە 2017/7/10 ـدا کاتژمێر 23:49 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|