✓ ئەدیب

  • پێنجخشتەکیی شاعیر لەسەر شیعرێکی تاهیربەگی جافەوە

سەرفی عومرم کرد چوو ڕەمماڵان بە زەوج و فەردەوە
وا لەدووی دەرمانی دەردی قەلبی غەمپەروەردەوە
کوشتەیی لەعلی لەبی لەیلایی ئەحمەرچوردەوە
تا بەکەی قوربان بناڵم من بە ئێش و دەردەوە
دەسبەئەژنۆ، قوڕبەسەر، دایم بە ئاھی سەردەوە

سەیدی داوی زولفی تۆم بۆ چی دەبێ بێگانە بم
بێ خەتا، کووکووزەنان، مەحبووسی ئەم وێرانە بم
بۆ تەماشای ڕووت عەزیزم، چاکە بەس بێگانە بم
ڕۆژی ئەووەڵ بوو کە زانیم من دەبێ دێوانە بم
عاشقی تۆ، نەوعی مەجنوون وا بە کێو و ھەردەوە

شیفتە ‌و حەیرانی یارم، وا مەزانە غافڵم
عەندەلیبی پڕفوغان و ناڵەیی زاری گوڵم
چاکە ئینسافت ھەبێ، جارێ دەڵێی: من عادڵم
مەڕحەمەت کە زوو بڕۆ قاسید بڵێ دەردی دڵم
نازی پاپۆچت ئەکێشم من بە تۆز و گەردەوە

گیانفیدایی غەمزەیی خاڵ و خەتی سیحرافەرین
دڵبەرا شادیم لە دڵ دەرچوو، غەمت بوو جێنشین
چاوەکەم ساتێ کەڕەم کە ئەی غەزاڵەی نازەنین
ھەر وەکوو قەوسوقەزەح با دەسلەگەردن دانیشین
تۆ بە سوخمەی ئاڵ و سەوز و من بە ڕەنگی زەردەوە

موژدەیی وەسڵت لەبۆ مە کەی دەنێری ئەی سەنەم
داستانی شەرحی ھیجرانت لە خدمەت کەی بکەم
دائیمەن پەژموردە، ناشادم، غەریقی بەحری غەم
یەک نەفەس چاکی نەھێنا کەعبەتەینی بەختەکەم
شەش دەرم گیراوە داماوم بە دەستی نەردەوە

بێنەوا و دەردمەند و دەربەدەر، سەرگەشتە خۆم
بۆتە زیکری ڕووی لەتیفت، ویردی قەلبی گفتوگۆم
نامەوێ مڵکی عەجەم یا پادشایی خاکی ڕۆم
چونکی من پەشماڵی باڵا و بۆسەچینی کۆڵمی تۆم
چی دەکەم ئیتر لە سەیری باخ و بێنی وەردەوە

ڕوویی خوێنڕێژت وەدەرخە، حاجەتی خوودی نییە
حەلقەیی زولفت نەزیری دەرعی داوودی نییە
ھەر وەکوو دەردی «ئەدیب»ـی ڕوویی بێھبوودی نییە
ئیلتماسی «تاھیر»ـی بێچارە قەت سوودی نییە
تۆ کە دایم شەڕفرۆشی بەو دڵەی وەک بەردەوە

© WWW.Telegram.Me/Kurdish_Poetry