٢٥٢٧
✓ بێخود
ئەیا ڕەفیقی شەفیقم حەریمی ڕازی نیھانم
ئەدیبی فیکری حەقیقیم نەدیمی ڕۆحی ڕەوانم
ئەگەر لە حاڵم ئەپرسی بە سەنگی سورمەیی دووری
شکاوە شووشەیی وەسڵم نەماوە نوتقی زمانم
کە ئەچمە حوجرە ئەڵێی دەشتی "شارەزوور"ـە بەبێ تۆ
وڵاخ ئەخاتە مەلە ئاوی "زەڵم"ـی ئەشکی ڕەوانم
بە شەو پەپوولەسیفەت خول ئەخۆم بەدەوری چرادا
کە ڕۆژ ھەڵات ئیکە خورشیدپەرستی بورجی دووکانم
ئەوەندە مەحوی غەمم ئەی عەزیزی میسری بەلاغەت
دەھانی یۆسفی سانی سیفەت نەماوە نیشانم
وەری گەڵای تەرەبی باغی دڵ بە پاییزی ئەندووھ
درەنگە بێرەوە پیر بوو بەھاری عومری جوانم
بەجێ نەمێنی لە "کەرکووک" نەبیتە باعیسی خوێنم
ئەگەر نەیەیتەوە لەوسەر ئەبیتە قاتیلی جانم
وەکیل بە تۆ کە سەلامی منت گەیاند بە فەقێکان
لەپاش موسافەحە عەرزیان بکە کە بەندە فڵانم
بفەرموو «بێخود»ـی شیرینکەلام ئەڵێ بە ھەمووتان
ئەگەرچی خوسرەوی شیعرم بەڵام غوڵامی ئەوانم