٢٢٦٤
✓ بێخود
دڵم مەفتوونی چاوی دڵبەرێکی نیکتەپەردازە
کە مەحزی حوسنە عەینی شۆخییە سەرچاوەیی نازە
لە باغی نازکیدا موعتەدیلسەروێکی ساوایە
لە دیوانی چەمەنزاری دڵا فەردێکی مومتازە
بە زۆری حوسنی خۆی ئیقلیمی ئەرز و ئاسمانی گرت
لەسەر تەختی زەمین شاھی زەمان ماھی فەلەکنازە
سووەیدای پەرچەمی وەک فەجری کازیب زوڵمەتئەفشانە
بەیازی گەردەنی وەک سوبحی سادیق پەڕتەوئەندازە
ھەرێمی چاو و بەینی ڕوومەت و تاقی خەمی ئەبرۆ
مەتافی نازە کەعبەی ئیمتیازە قیبلەیی ڕازە
لە بازاڕی موحەببەتدا ھەزار لۆمەم بکەن ئیخوان
ئەڵێم ئەم یۆسفە پێغەمبەرێکی خاوەنئیعجازە
دەخیلت بم بڵێ ڕازی دڵی خۆی دەرنەخا [بێخود]
کە ئەم کەرکووکە جێی ڕاوی شەھێن و واشە و بازە
+ بڵاو کرایەوە لە 2016/12/3 ـدا کاتژمێر 22:8 بەدەستی مانگەشەوی زرێبار
|