✓ دەنگی کوردی

  • دەنگ: حەسەن زیرەک
  • شیعر: کامیل

نووری ڕوخسارت وەدەرخە دەردی بێدەرمانە شەو
زوڵمەتی زوڵفت لەسەر ڕووتە لە ڕۆژ میوانە شەو

دوێ شوکور مەردانە من ڕێم بردە ناو زوڵفی ڕەشی
تا بزانن خەڵکی موڵکی دڵ قەڵای مێردانە شەو

هەر لە مەغریب تا بەیانی بێوچان دێت و دەچێ
هەر لەدووی خورشیدی خاوەر وێڵ و سەرگەردانە شەو

کوێر و نابینایە ئێستا ئەو لە داخی ڕۆژی ڕووت
بۆیە ڕەشپۆش و فەقیر و مات و بەستەزمانە شەو

قەدری شەو چا بگرە چاوم شەمع و پەروانە دەڵێن
سۆز و گریەی شەمع هەر شەو سووتنی پەروانە شەو

عاشق و مەعشوق لە ڕۆژدا خۆ دەپارێزن لە خەڵک
گەر پەنای چاکت دەوێ بۆ ئەو دووە بڕوانە شەو

هەستە «کامیل» بەسیە بێداری بڕۆ لێی وەرکەوە
تا وڵات بێدەنگوباسە و تا لە ڕۆژ میوانە شەو

Kurdish_Poetry